ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینانی تۆماركراو لە هەژماری من لە زیادبووندایە، ئەم مانگە 700 هەزار فەرمانبەر لە هەژماری من مووچە وەردەگرن و ژمارەی تۆماركراوانیش گەیشتە سەرووی یەك ملیۆن.
ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی شوبات، سەرچاوەیەكی لە هەژماری من بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەم مانگە 700 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی هەژماری من لە ئامێرەكانی ATM مووچەكانیان وەردەگرن.
زیاتر گوتی، مانگی رابردوو نزیكەی 630 هەزار مووچەخۆری مەدەنی، خانەنشین و خێزانی شەهیدان مووچەیان بەشێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من وەرگرت، ئەم مانگە 70 هەزار مووچەخۆر زیادی كردووە.
باسی لەوەش كرد، ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تۆماركراو لە هەژماری من گەیشتووەتە سەرووی یەك ملیۆن، زیاتر لە 500 ئامێری ڕاكێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان جێگیر كراون بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بەشێوەیەكی 24 سەعاتی بتوانن پارە ڕابكێشن.
پڕۆژەی هەژماری من كە دەستپێشخەرییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران، لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا، وەك بەشێك لە كارنامەی كابینەی نۆی حكوومەت بۆ بە مۆدێرنكردنی خزمەتگوزارییە بانكییەكان و بەهێزكردنی گشتگیری دارایی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان.