بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای راپەڕین روونكردنەوەیەكی بۆ خەڵكی سنوورەكە بڵاو كردەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە كە هیچ گۆڕانكارییەك لە نرخی كارەبای رووناكی لە سنوورەكەدا رووی نەداوە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێ، هیچ گۆڕانكارییەك لە نرخی كارەبا لەناو پڕۆژەی ڕووناكی نەكراوە، ئەو نرخەی بۆ پڕۆژەی ڕووناكی دانراوە، نرخێكی جێگرەوە و بەپێی یاسا و لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە و لە وەقائیعی كوردستان بڵاو كراوەتەوە، ئەگەر هەر گۆڕانكارییەكیش بكرێت، پێویستیی بە یاسای تایبەت و ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە ئەو پارەیەی كە بۆ هاوبەشان هاتووەتەوە كەوتووەتە سەر بەكارهێنانی كارەبا لەلایەن هاوبەشان، بۆیە پێویستە هاوبەش ئاگاداری چۆنییەتی بەكارهێنانی كارەبا بێت.
دووپات لەوە كراوەتەوە كە ئەم سیستمە سیستمێكی ئەلیكترۆنیە و لە پێوەری زیرەكەوە ڕاستەوخۆ داتاكان دەنێردرێن و ئۆتۆماتیكی ڕۆژانە داتاكان دیاری دەكرێن، بۆیە هەر كەسێك گومانی لەو پارەیە هەبێت كە بۆی هاتووەتەوە، دەتوانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبا لە بەشی كاروباری وزە بكات بۆ تێگەیاندن و پێداچوونەوەی پسوولەكەی.