بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی هەسەدە رای گەیاند، هێزەكانیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو پێگە سەرەكییانەی خۆیان كە بەر لە شەڕ لەوێ بوون و لەناو شارەكاندا نامێنن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی شوبات، فەرهاد شامی بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رای گەیاند، بڕگە كارگێڕی و تەناهییەكانی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی كاتی سووریا و هەسەدە جێبەجێ كران و ئێستە چوینەتە ناو بڕگە سەربازییەكان كە جێبەجێكردنی بڕگە سەربازییەكان هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی حكوومەتیش دەگرێتەوە و هێزە سەربازییەكان لەناو شارەكان دەكشێنەوە.
دووپاتی كردووەتەوە كە هێزەكان دەگەڕێنەوە بۆ پێگە سەرەكییەكانیان كە بەر لە شەڕ لەوێ بوون و هێزەكانی ئاسایش لەو شوێنانە جێگیركراون كە هێزەكان لێی كشاونەتەوە.
باسی لەوەیش كرد كە چەكدارانی حكوومەتی كاتی سووریایش دەبێت لەمڕۆوە لە ئەلهول و تەل بەراك بكشێنەوە.
لەبارەی دۆخی بەرەی كۆبانێش گوتویەتی، تائێستە لە كۆبانێ هیچ جۆرە كشانەوەیەك لە گوندەكان و بەرەكانی شەڕ نییە و شارەكە گەمارۆ دراوە.