لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەستپێكردنی پڕۆژەی دەستپێشخەریی نەخشەدانانی كەلەپوور و نیشتەجێكردنی هەولێر، بەمەبەستی هەنگاوی تەواوكاریی بۆ جێبەجێكردنی ماستەرپلانی هەولێر 2050 لە دەوروبەری قەڵای هەولێر ڕاگەیەنرا.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رای گەیاند، پڕۆژەیەكی نوێ و گرنگ بۆ تەواوكردن و باشتر جێبەجێكردنی پڕۆژەی ماستەرپلانی هەمواركراوی شاری هەولێر 2050 ڕادەگەیەنین، كە ئەو پڕۆژەیە بە هاوكاریی ئاژانسی جایكا و ڕێكخراوی هابیتات جێبەجێ دەكرێت.
روونیشی كردەوە كە ئەو پڕۆژەیە لە چوارچێوەی ڕوانگە و بایەخدانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جێبەجێ دەكرێت بۆ پێشخستنی كەرتی نەخشەدانانی ئاوەدانی و پاراستنی ئەو میراتە كولتوورییەی كە شاری هەولێر پێی دەوڵەمەندە كە ئەم پڕۆژەیە لە ماوەی مانگی داهاتوو تا كۆتاییی ساڵ كاری تێدا دەكرێت.
سەبارەت بە پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەولێریش، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد، پڕۆژەی هەمواری ماستەرپلانی شاری هەولێر، كارەكانی زۆر بە باشی جێبەجێ كرا و ئێستەش لە قۆناغی پەسەندكردندایە. ئاماژەی بە گرنگی ئەو پرۆژەیە بۆ شاری هەولێر كرد، كە دەبێتە هۆی پاراستنی میراتی كولتووری و كەلەپوور هەروەها كاریگەریی لەسەر بووژانەوەی سێكتەری گەشتوگوزاریش دەبێت، كە پڕۆژەكە بەشێكە لە ماستەرپلانی شاری هەولێر بۆ ساڵی 2050، كە لەم كابینەیەدا ئەو ماستەرپلانە هەمواركراوەتەوە.