نێچیرڤان بارزانی گەیشتە ئەڵمانیا

:: PM:08:52:12/02/2026 ‌
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە ئەڵمانیا و بڕیارە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەنجام بدات.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی شوباتی 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، گەیشتە ئەڵمانیا.

بڕیارە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان و بەشداربووان ئەنجام بدات. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بەگشتی.

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ساڵانە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و بڕیار بەدەستانی وڵاتان بەڕێوە دەچێت، وەک دەرفەتێک بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا دەربارەی پرسی ئاسایش و سەقامگیری و کێشە جیهانییەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ ئاڵۆزییەکان.



وشە - پۆڵا مەحموود