بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، سبەی شەپۆلێکی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و لە هەندێک کاتدا دەبێتە لێزمەباران.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026، ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت و پاشان بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت. هاوکات نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی دەبارێت. پلەکانی گەرما یەک تا سێ پلە بەرز دەبنەوە.
سەبارەت بە سبەی شەموو 14/2/2026، کەشناسی ئاماژەی بەوە داوە کە ئاسمان بەگشتی هەوری تەواو دەبێت. لە کاتەکانی بەیانیی زوودا بارانبارین لە سنووری دهۆک دەست پێ دەکات و پاشان زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، سبەی لە هەندێک کاتدا بارانبارین بە شێوەی "لێزمەباران" و هەورەتریشقە دەبێت، پلەکانی گەرماش کەمێک نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی شەموو:
گەرمیان: 20 پلەی سیلیزی
هەولێر، چەمچەماڵ، هەڵەبجە: 17 پلەی سیلیزی
سلێمانی، زاخۆ: 16 پلەی سیلیزی
دهۆک، سۆران: 15 پلەی سیلیزی
پیرمام: 13 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: شەش پلەی سیلیزی