سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا کۆ بووەوە و لەسەر گرنگیی هاوئاهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هاوڕا بوون.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جۆناسان پاوڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دواین پەرەسەندنە تەناهی و سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشەکانی تیرۆر خرانە بەر باس. هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری.
لای خۆیەوە جۆناسان پاوڵ، پابەندیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا.