چوار هەزار پارچە زەوی دابەش دەكرێن

:: AM:10:19:14/02/2026 ‌
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بكرێت بە دابەشكردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەدیاریكراوی فەرمانبەرانی ناو سەنتەری شار.

ئەمڕۆ شەموو 14ـی شوبات، بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی كەوتووە، بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانان، كارەكانی چوار هەزار پارچە زەویی تری تەواو كرد و رادەستی شارەوانیی كردووە بۆ ئەوەی دابەش بكرێن.

كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر رای گەیاند، ئامادەكارییەكان چڕ كراونەتەوە و لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا، تیروپشك بۆ دابەشكردنی نزیكەی چوار هەزار پارچە زەویی تر بكەین.

باسی لەوەش كرد، زەوییەكان لە سنووری جەژنیكان دەبن و بەسەر ئەو كەسانەی سوودمەند دەبن دابەش دەكرێن.

پێشتر شوكریە عەباس بەڕێوەبەری نەخشەدانانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، چەند هەزار پارچە زەویی تر ئامادە كراون و دەست بەدابەشكردنیان دەكرێت.

زیاتر گوتی، ئەو زەوییانە وەك قۆناغی شەشەمی فەرمانبەرانی ناو شارە، كارەكانیان تەواو بووە و ئاراستەی سەرۆكایەتیی شارەوانیمان كردووە تا تیروپشكیان بۆ بكرێت.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، بڕیار درا بە دابەشكردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی. بڕیارەكە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ڕۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاو كرایەوە.



وشە - رامیار جەواد