شاسوار عەبدولواحید: رێككەوتنی نووسراومان لەگەڵ یەكێتی نییە

:: PM:04:41:14/02/2026 ‌
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ رای گەیاند، كە هیچ رێككەوتنێكی نووسراویان لەگەڵ یەكێتی نییە، بەڵام ئەگەر یەكێتی پابەندبێت بە پڕۆژەكانی ئەوانەوە بۆ خۆیان باشە. 

ئەمڕۆ شەموو 14ی شوبات، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كرد ئەوە دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر دوای ئازادكردنی لەلایەن یەكێتییەوە بێدەنگ بوو. 

لە سەرەتای قسەكانی گوتی، رێككەوتنی نووسراو لە نێوان یەكێتی و نەوەی نوێ‌ نییە، ئەوەی هەیە پڕۆژەیەكە پێشكەشكراوە، ئەگەر یەكێتی پابەند بێت بەو پڕۆژەیەوە بۆ خۆیان باشە.

پێشتر "وشە" هەواڵی ئەوەی بڵاو كردبووەوە، تەنیا قسە لەنێوان نەوەی نوێ‌ و یەكێتی كراوە کە دوو خاڵ؛ یەكەم شاسوار لە زیندان بێتە دەرەوە و دووەمیش تەواوی 15 كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان كە نەوەی نوێن بخرێتە خزمەتی یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، نەوەی نوێ‌ تەنانەت یەك بەڕێوەبەری گشتی وەرناگرێ‌.

هەر ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید ناڕاستەوخۆ ئەوەی پشتڕاست كردەوە و گوتی، یەكێتی بە تەنیا گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت دەكات و "ئێمە چاومان لە یەك پۆست نییە".


وشە - وشه‌