بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ستایشی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە دەکەین

:: PM:09:08:14/02/2026 ‌
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ستایشی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی کرد لە سەرخستنی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە، هاوکات پشتیوانی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو 14ی شوباتی 2026، لە درێژەی دیدارەکانیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ خاتوو ئالیسۆن هووکەر بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پێوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و چەندان پرسی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران. نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ئەمەریکا بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و گەشەپێدانی دامەزراوەکان کرد.

لای خۆیەوە ئالیسۆن هووکەر، ستایشی ڕۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ڕێککەوتنی نێوان حكوومەتی دیمەشق و هەسەدە کرد، هەروەها پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ عێراق و "قەوارەی هەرێمی کوردستان" و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر - بەغدا دووپات کردەوە.



وشە - پۆڵا مەحموود