سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن لەگەڵ کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران کۆ بووەوە و تاوتوێی دۆخی مرۆیی پەنابەرانیان کرد، بەرهەم ساڵحیش ڕۆڵی هەرێمی لە داڵدەدانی لێقەوماوان بەرز نرخاند.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو 14ی شوباتی 2026، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرهەم ساڵح کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی مرۆیی پەنابەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کرا. نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و دووپاتی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.
لای خۆیەوە، بەرهەم ساڵح ستایشی "ڕۆڵی مرۆیی و مێژوویی" هەرێمی کوردستانی کرد لە داڵدەدانی بێ جیاوازیی ئاوارە و پەنابەران. هەروەها پابەندیی UNHCRـی بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حكوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، بە مەبەستی باشترکردنی گوزەرانی پەنابەران و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.