وەزارەتی تەندروستی کەناڵ8 دەداتە دادگا

:: PM:09:53:14/02/2026 ‌
وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی وەڵامی ڕاپۆرتێکی کەناڵ 8 دەداتەوە کە تێیدا باسی کۆمپانیایەک بە ناوی ئارین مەسروور بارزانی کراوە و ڕای دەگەیەنێت، هەواڵەکە دوورە لە ڕاستی و ڕووبەڕووی دادگایان دەکەنەوە.

ئەمشەو شەموو 14ی شوباتی 2026، وەزارەتی تەندروستی لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە، کەناڵ 8 وەک کاری هەمیشەییان و دوور لە ئاکاری پیشەییانەی ڕاگەیاندن، بابەتێکی تەندروستییان بە مەبەستی سیاسی و دوور لە هەموو بنەمایەک بڵاو کردووەتەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، سەرلەبەری ئەو بابەتەی باس لە کۆمپانیایەک بە ناوی "ئارین بارزانی" دەکات لە بواری تەندروستیدا، درۆیە و بەتەواوەتی ڕەتی دەکەینەوە و دوورە لە ڕاستییەوە.

وەزارەتی تەندروستی دووپاتی کردووەتەوە کە بە مافی خۆیان و گشتی دەزانن، کەناڵی ناوبراو ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە، لە بەرانبەر ئەو تەشهیر و ناوزڕاندنەی کردوویانە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە، هەرچەندە هاووڵاتییان زۆر لەو چەواشەکارییانە چاوکراوەتر و هۆشیارترن و ڕووی ڕاستەقینەیان دەناسن، بەڵام بە پێویستمان زانی ڕوونکردنەوە بدەین.



وشە - پۆڵا مەحموود