وەزیری دارایی لەبارەی مووچە بڕیارێكی دا

:: PM:02:28:15/02/2026 ‌
وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی مووچەی مانگی دوو بڕیارێكی دا و بەپێی بڕیارەكە، هیچ مووچەخۆرێك ناتوانێ بەبێ‌ هەژماری من مووچە وەربگرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ـی شوبات، بەپێی بڕیارێكی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری كە ئەمڕۆ دەرچووە و تێیدا هاتووە، بۆ بەبانكیكردنی مووچە، ئاگاداری سەرجەم یەكە ژمێریارییەكان دەكەینەوە لە ئەمڕۆوە دابەشكردنی مووچە تەنیا بەشێوەی دیجیتاڵی دەبێت.

لە بڕٍیارەكەدا هاتووە، هەموو ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستە فۆرمی خۆتۆماركردنیان پڕ نەكردووەتەوە لە هەژماری من، پێویستە بەزووترین كات پڕی بكەنەوە و بە پێچەوانەوە ناتوانن مووچەكانیان وەربگرن.

ئاماژە بەوەش كراوە، پێویستە ئەو كەسانەی لە هەژماری من تۆمار كراون و ئاگادارییان بۆ چووە، سەردانی بانكەكان بكەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی كارتەكانیان.

لە نووسراوەكەی وەزیری داراییدا ئەوەش باس كراوە، پێنج هەزار و 750 مووچەخۆر خۆیان تۆمار نەكردووە و ئەگەر مامەڵەكانیان تەواو نەكەن، ئەوا مووچەكانیان دەوەستێت.

ئەوە لە كاتێكدایە ئەو مانگە نزیكەی 700 هەزار مووچەخۆر لە هەژماری من مووچەكانیان وەرگرت، لە هەمان كاتدا زیاتر لە یەك ملیۆن مووچەخۆر و خانەنشین لەو هەژمارە تۆمار كراون.



وشە - رامیار جەواد