نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بە بۆنەی مانگی رەمەزان بڵاو كردەوە و داوا دەكات ئەم بۆنە ئاینییە بكرێتە دەرفەتێك بۆ قووڵكردنەوەی گیانی لێبووردەیی.
لە پەیامەكەی نێَچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووە، هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بە گەرمی لە موسڵمانانی كوردستان، عێراق و جیهان پیرۆز دەكەم، هیوادارم هاتنی ئەم مانگە پیرۆزە، ببێتە مایەی خێر و بەرەكەت و سەقامگیری بۆ گەلی كوردستان و هەموو ناوچەكە.
"با ئەم بۆنە ئایینییە بكەینە دەرفەتێك بۆ قووڵكردنەوەی گیانی لێبوردەیی، تەبایی و پێكەوەژیان كە هەمیشە ناسنامەی جوانی هەرێمی كوردستان بووە" نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێ.
هەروەها دەڵێ، لە خودای مەزن داواكارین ئەم مانگە پیرۆزە ببێتە سەرەتای كۆتاییهاتنی ئازار و كێشەكان و پەیامی ئاشتی و تەبایی لە هەموو جیهاندا بڵاو ببێتەوە.
جێی ئاماژەیە كە ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، سبەی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە و مانگ بینراوە.