ئەمرۆ 25 ساڵ بەسەر شەهیدبوونی سەركردەی دیاری كورد فڕەنسۆ هەریری تێدەپەڕێت، لە هەولێر یادی بەرز ڕاگیرا.
25 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ فڕەنسۆ هەریری لەسەر شەقامی 60 مەتری هەولێر لە كاتی چوونی بۆ دەوام، لەلایەن چەند چەكدارێكی تیرۆریستەوە بەدەستڕێژی فیشەك شەهید كرا.
ئەمڕۆ رێوڕەسمێكی شایستە لە شەقامی 60 مەتری و لە نزیك مزگەوتی سپی، لەو شوێنەی كە فڕەنسۆ هەریری شەهید كرا بەڕێوە چوو.
لە رێوڕەسمەكەدا هەریەك لە ئومێد خۆشناو، زانا مەلا خالید، ژمارەیەك لە كادران و جەماوەری هەولێر ئامادە بوون.
لە میانی یادەكەدا، تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لە شوێنی شەهیدبوونی دانرا و ئامادەبووان بۆ چەند ساتێك بە بێدەنگی وەستان، وەك نیشانەیەك بۆ ڕێزگرتن لە مێژووی پڕ لە خەبات و قوربانیی ئەو سەركردە نیشتمانپەروەرە.
فڕەنسۆ هەریری كە یەكێك بوو لە تێكۆشەرە دیارەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، وەك مەسیحییەك بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی كرد و بەهۆی دڵسۆزی و رژدیی خۆیەوە، زوو بووە سەركردەیەكی نزیك لە مستەفا بارزانی.
فڕەنسۆ جگە لەوەی كادرێكی تێكۆشەر و ماندوونەناسی پارتی بوو، پارێزگای هەولێر و دڵسۆزی خەڵكی كوردستان بوو، بۆیە شەهیدبوونی داخێكی زۆری بەدڵی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا كرد.
فڕەنسۆ بووبووە هێمای لاوان و وەرزش لە كوردستان، بۆیە لە هەولێر لە سەردەمی ئەودا یانەی شارەكە بەتەواوی بووژایەوە، گەورەترین یاریگەی نێودەوڵەتیی لەو كاتەدا كە توانای حكوومەتی هەرێم زۆر خراپ بوو، دروست كرد.