سەنتەری "سامەر" راپرسییەكی لە باكوری كوردستان كردووە، بەپێی ڕاپرسییەكە 98.7%ـی بەشداران، داوای خوێندن بە زمانی دایك بۆ منداڵەكانیان دەكەن و پێیان باشە لە باخچەی منداڵانەوە تا زانكۆ، خوێندن بە كوردی بێت.
سەنتەری "سامەر" بۆ توێژینەوەی مەیدانی، راپرسییەكی نوێی ئەنجام داوە و لە راپرسییەكەدا هەزار و 540 كەس بەشدار بوون.
بەپێی ڕاپرسییەكە 82.8%ـی بەشداران زمانی دایكیان "شێوەزاری كرمانجیی سەرووی زمانی كوردی"یە، 9.4%ـیشیان بە "شێوەزاری دملی (زازاكی)ی زمانی كوردی" قسە دەكەن.
توركیا 100 ساڵە هەوڵی سڕینەوەی زمانی كوردی دەدات، ئێستە تەنیا 60%ی خەڵكی باكوری كوردستان، تەنیا لەناو ماڵەكانیان بە زمانی دایكیان دەدوێن، لەناو بازاڕ و كار و دەوامی فەرمیدا هەموو كەس بە زمانی توركی قسە دەكات.
بەپێی راپرسییەكەی ئەو سەنتەرە، 91.5%ـی بەشداران پێیان وایە دەبێت خوێندن بە زمانی دایك لە باخچەی منداڵانەوە دەست پێ بكات و تا زانكۆ بەردەوام بێت.
هاوكات باسیان لەوە كردووە، دەبێت بكرێتە فەرمی لە هەموو شوێنێكدا زمانەكە ئازاد بێت، ئینجا دەبێتە كولتوور و خەڵك پێی ئاسایی دەبێت كوردی بنووسێت و بخوێنێتەوە و قسەشی پێ بكات.