سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کۆ بوونەوە و دووپاتیان لەوە کردەوە، دەبێت حكوومەتێکی بەهێز لە بەغدا پێک بهێنرێت کە ڕێز لە سیستمی فیدراڵی و مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 18ی شوباتی 2026، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پێوەندیی دوولایەنە، دۆخی گشتیی عێراق و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی فیدراڵ و هەرێم تاوتوێ کران.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حكوومەتێکی بەهێز لە عێراق لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و سیستمی فیدراڵی و "قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان"، بە جۆرێک بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان بکات.
هەروەها دووپات لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز و سەرتاسەریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
لە بەشێکی تری گفتوگۆکاندا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، پیرۆزبایی و دەستخۆشیی لە سەرۆکی حكوومەت کرد بۆ ئەو چاکسازییانەی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجامی داون.