ڕێکخراوی CPT ئاشکرای کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕێی نێوان دووکان و سلێمانی، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە کوژراو و بریندار هەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 18ی شوباتی 2026، کامەران عوسمان لە ڕێکخراوی (CPT) ڕای گەیاند: لە سەعات 7:40ی سەرلەئێوارە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (لاندکرۆزەر/ ژمارە سلێمانی) کە تایبەتمەندیی (گولەنەبڕ)ـی هەبووە، لەسەر ڕێی نێوان دووکان بۆ سلێمانی، بەرانبەر گوندی حەسەن تەپە لەلایەن درۆنێکی نەناسراوەوە بە ئامانج گیرا.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا کەسێک گیانی لە دەست داوە و کەسێکی تریش بە سەختی بریندار بووە.
کامەران عوسمان دووپاتی کردەوە کە "قوربانییەکان هەڵگری ناسنامەی ئێرانین".