دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامارێكی نوێی بڵاو كردەوە

:: AM:11:01:19/02/2026 ‌
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕاپۆرتی ژمارە 14ی خۆیدا، ئاماری نوێترین چالاكییە مرۆییەكانی لە ناوچە جیاجیاكانی ڕۆژئاڤای كوردستانی بڵاو كردەوە كە تا سەعات 12ی شەوی 18/2/2026 تۆمار كراون.

بەپێی ئامارەكان، دەزگاكە لە ڕێگەی 424 بارهەڵگرەوە كۆمەك و هاوكاریی گەیاندووەتە شارەكانی قامیشلۆ، دێرك، حەسەكە، گڕكێ لەگێ، تربەسپی، عاموودا و دەرباسیە.

لە كەرتی دابینكردنی خۆراكدا، 109,412 ژەمە خۆراكی گەرم بەسەر قوتابخانە، مزگەوت و گوندەكاندا دابەش كراون. هەروەها لە پرۆسەی دابەشكردنی ناندا، 22,298 خێزان سوودمەند بوون و 250,012 نان لە ڕێگەی پێنج نانەواخانە ئامادە و دابەش كراوە.

لەبارەی هاوكارییە جۆراوجۆرەكانی تر، 31,884 خێزان هاوكارییان پێ گەیشتووە كە لە ناویاندا 2,966 خێزانیان ئاوارەكانی عەفرین بوون.

 لە كەرتی سووتەمەنیشدا، 370,245 لیتر سووتەمەنی بۆ 9,682 خێزان و چەندان ناوەندی فێركاری و ئاینی دابین كراوە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، تیمە پزیشكییەكان خزمەتگوزارییان پێشكەشی 8,707 كەس كردووە كە 100 كەسیان لە ناو قوتابخانەكان بوون. هاوكات لە پێناو پاڵپشتیی دارایی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دانیشتووانی ناوچەكە، 1,562 هەلی كاری ڕۆژانە دابین كراوە.

ئەم هەوڵانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەكانیاندایە بۆ هاوكاریكردنی لێقەوماوان و دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان لە ڕۆژئاڤای كوردستان.



وشە - رامیار جەواد