رێبەر ئەحمەد: دەبێت عێراق و هەرێمی كوردستان لە مەترسییەكانی شەڕ دوور بخرێنەوە

:: PM:01:12:22/02/2026 ‌
لە رۆژی نێودەوڵەتیی زمانی دایك، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا چەند پرسێكی گرنگی پێوەست بە ئاسایشی ناوچەكە و مەترسییەكانی تیرۆری خستەڕوو.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ـی شوبات، وەزیری ناوخۆ دووپاتی لە سیاسەتی جێگیری هەرێمی كوردستان كردەوە و رای گەیاند: "كوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێك." ئاماژەی بەوەش كرد، هەرێم هەمیشە خوازیاری پێوەندیی دۆستانە و سەقامگیرییە لەگەڵ دراوسێكانیدا.

رێبەر ئەحمەد هۆشداریی دا لە سەرهەڵدانەوە و زیادبوونی چالاكییەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و گوتی: "داعش هێشتا هەڕەشەیەكی بەهێزە".

 ئاماژەی بەوەش دا، ئەو رێكخراوە لەمدواییانەدا لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق و سووریا چالاكتر بووە، ئەوەش پێویستیی بە هاوئاهەنگیی زیاتری تەناهی هەیە.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان دووپاتی لە پاراستنی ئارامیی ناوچەكە كردەوە و رای گەیاند، پێویستە هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوە بن كە عێراق و هەرێمی كوردستان لە مەترسییەكانی شەڕ و ململانێكان دوور بخرێنەوە، تا خەڵك لە ئاسایش و ئارامیدا بژین.



وشە - سۆران عەزیز