بڕیارە سبەی لیستی مووچەی مانگی دوو ڕەوانەی بەغدا بكرێت و تەواوی وردەكارییەكانی تێدایە كە بەغدا داوای كردووە، بۆیە سبەی ڕەوانەی بەغدا دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم 23ـی شوبات، وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی كانوونی دووەم لەلایەن تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی بەغداد دەكرێت و سبەی سێشەم ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ دەكرێت.
ئەوە وەزارەت دەڵێت، هەندێك زانیاری و هەواڵی نادروست لە سەر لیستی مووچە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە بڵاوكراوەتەوە هیچ بنەمایەكیان نییەو تێكڕایان ناڕاستن.
ئەوە لە كاتێكدایە "وشە" لە سەرچاوەیەكی ترەوە لە بەغدا زانیویەتی، هەر كاتێك لیستی مووچە و 120 ملیار داهاتی ناوخۆ و نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی هەناردەی نەوت بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق، مووچە رەوانە دەكرێت.