مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار سێ ئامێری پێشكەوتووی بۆ تەندروستیی دهۆك دابین كرد.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆك لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سێ ئامێری پزیشكیی ستراتیجی بۆ نەخۆشخانەكانی پارێزگای دهۆك دابین كراون و تێچووی ئامێرەكان پێنج ملیار و 100 ملیۆن دینارە.
بڕی دوو ملیار و 600 ملیۆن دینار بۆ كڕینی دوو ئامێری شكاندنی بەردی گورچیلە (Lithotripsy) بۆ "سەنتەری نەخۆشییەكانی گورچیلە" لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆك تەرخان كراوە.
هاوكات بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ دابینكردنی ئامێرێكی وێنەی موگناتیسی (MRI Machine 1.5T) بۆ "نەخۆشخانەی ئازادیی فێركاری" لە دهۆك تەرخان كراوە.
تەندروستیی دهۆك روونی كردووەتەوە، بە گەیشتن و كەوتنەكاری ئەم ئامێرە نوێیانە، ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشكی و تەندروستییەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك هەنگاوێكی باش بەرەوپێش دەچێت و ئاسانكارییەكی زۆر بۆ چارەسەری نەخۆش دەكرێت.