ئەمڕۆ دووشەم 23ی شوباتی 2026، سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە تۆم باراک نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵۆێزی ئەمەریکا لە تورکیا، کرد.
لە راگەیەنراوێكی بارەگای بارزانیدا هاتووە، لە دیدارەکەدا کە مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەی بوو، تۆم باراک وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی، پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی هەبوو لە ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ و توندوتیژی، هەروەها هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا و سەرگرتنی ڕێککەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات. ئاماژە بەوەش کراوە، کە بۆ کێشە و گرفتەکانی عێراقیش سوود لە حیکمەت و ڕێنوێنیی سەرۆک بارزانی وەربگیرێت. هەروەها تۆم باراک دووپاتی کردووەتەوە، وڵاتەکەی خوازیاری ئەوەیە عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە ئەمەریکا پێوەندی و شەراکەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر مێژوو و خەباتی گەلی کوردستان و ئەو تاوان و جینۆسایدەی بەرانبەر گەلی کوردستان کراوە، هێمای بەوە دا کە گەلی کوردستان هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووە و ویستوویەتی کێشەکان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بکرێن.
لەبارەی عێراقیش سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا، کە پابەندبوون بە دەستوور و بنەماکانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی وا دەکات کە عێراق گەشە بکات و بەرەو پێشەوە بچێت و بەرژەوەندیی گەلانی عێراقیش هەر لەوەدایە دەستوور جێبەجێ بکرێت، عێراق خاوەنی بڕیار و سەروەریی خۆی بێت و لەگەڵ سەرجەم دراوسێکاندا بەرژەوەندیی هاوبەشی هەبێت و شەراکەتی نێوان ئەمەریکا و عێراقیش ڕەچاو بکرێت.
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، حكوومەتی داهاتووی عێراق پابەندی جێبەجێکردنی دەستوور و بنەماکانی فیدراڵیزم بێت و هەروەها لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، یاسا بۆ ئەو بابەتانە دەربچێت کە هێشتا چارەسەر نەکراون و بۆ داهاتووی گەلانی عێراق گرنگ و پڕ بایەخن، وەک یاسای نەوت و گاز و مادەی 140 و ئەو یاسایانەی پێوەستن بە جێبەجێبوونی بنەماکانی فیدراڵیزم لە دەوڵەتی عێراق.
لەبارەی بابەتی سەرۆک کۆماریش سەرۆک بارزانی ئەوەی خستە ڕوو، مادام ئەو پۆستە پشکی گەلی کوردستانە، پێویستە میکانیزمێکی شایستە بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆک کۆمار هەبێت کە دەرخەری ئیرادەی خەڵکی کوردستان بێت.
لەبارەى بابەتی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پێویستیی پابەندبوون بە بەرژەوەندییەکانی عێراق، ڕاشی گەیاند کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کە کێ بەربژێری پۆستی سەرۆک وەزیران بێت و بەلای ئێمەشەوە گرنگە کە سەرۆک وەزیران پابەندی دەستوور و بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بێت.
پڕۆسەی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەکە تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوون، سەرۆک بارزانی هیوای خواست کە کێشەکانی ناوچەکە بە ئاشتی چارەسەر بکرێن و ناوچەکە دوور بێت لە شەڕ و توندوتیژی.