سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری دۆناڵد ترەمپ کۆ بوونەوە و تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و سووریایان کرد، شاندی ئەمەریکاش ستایشی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانییان کرد لە سەرخستنی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 23ی شوباتی 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە تۆم باراک نوێنەری سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە جۆشوا هاریس کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، پێوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دواپێشهاتەکانی دۆخی سووریا و پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و "ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە" دەربڕی.
لای خۆیەوە سەرۆکی هەرێم دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت.
دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو، لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە.