لە هەولێر پەردە لەسەر نهێنییەكی گەورەی مێژوویی لادەدرێت

:: PM:01:09:24/02/2026 ‌
دۆزینەوەیەكی شوێنەواریی بێوێنە لە هەولێر، قوڵگەی مەرگ لە باغلومنارە، پەردە لەسەر نهێنییەكی گەورەی مێژوویی لادەدرێت، گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە كە دەكرێت مێژووی سیاسی و ئاینیی شانشینی ئەدیابین بگۆڕێت.

ئەمڕۆ سێشەم 24ـی شوبات، كەیفی مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور، بە "وشە"ـی راگەیاند، تیمی شوێنەواری ناوخۆ بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر، پەردە لەسەر نهێنییەكی مێژوویی گەورە لادەدەین. لە قووڵگەیەكدا (Trench) لە ناوچەی باغلومنارە، گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە كە دەكرێت مێژووی سیاسی و ئاینی شانشینی ئەدیابین بگۆڕێت.

دەشڵێت، گرنگترین زانیارییەكان ئەوەیە 100 كەلەسەری مرۆ تا ئێستە پاشماوەی 100 كەس لەناو یەك قووڵگەدا دۆزراونەتەوە، هەروەها دۆزراوە ناوازەكانی تریش بریتی بوونە لە پارەیەكی كۆن، دوو خڕخاڵی بڕۆنز، دوو مرواری ملوانكە و بازنێكی ئاسن لەگەڵ تەرمەكاندا بوون.

ئاماژەی بەوەش كرد، بەپێی  تێڕامانی زانستی، سەرەڕای ژمارەی زۆریی تەرمەكان، تەنیا چوار پارچە گۆزە دۆزراونەتەوە، ئەمەش جێگەی تێڕمانی قووڵی شوێنەوارناسانە كە ئایا ئەمە ئەنجامی ململانێی خوێناوی ئاینی بووە لە سەردەمی شازادە هێلینە؟ یان كوشتارێكی ساسیانییەكان؟ یاخۆ پەتایەكی كوشندەی وەك تاعوون؟ 

روونی كردەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی ڕاستییەكان، نموونەی DNA ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كراوە بۆ پشكنینی وردی زانستی. پسپۆڕان پێشنیار دەكەن شوێنەكە وەك مۆنیۆمێنتێكی نیشتمانی بپارێزرێت.


وشە - رامیار جەواد