دوای جەژن جووتسایدێكی تر لە هەولێر دروست دەكرێت

:: PM:02:00:24/02/2026 ‌
بڕیارە دوای جەژنی ڕەمەزان، بۆ باشتركردنی هاتوچۆ ڕێگەی نێوان بەستۆرە و گۆمەسپان كە بە ڕێگەی هەنارە ناسراوە، بكرێتە ڕێگەیەكی كوالێتیی بەرز و دووساید.

ئەمڕۆ سێشەم 24ـی شوبات، ئەمیر عەبدولخالق بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی ڕێگەوبانی كۆمپانیای هێمن گرووپ، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كارەكانی هێمن گرووپ بەردەوام دەبێت دوای جەژنی ڕەمەزان، دەست بە كارەكانی پڕۆژەی دووسایدی بەستۆرە- گۆمەسپان دەكەین.

زیاتر گوتی، ئەو جووتسایدە درێژییەكەی نزیكەی 16 كیلۆمەترە، هەروەها پانیی هەر سایدێك 11 مەترە و لە دوو ڕێڕەو لەگەڵ ڕێڕەوێكی فریاگوزاری بۆ هەر ئاراستەیەك پێكدێت.

باسی لەوەش كرد، لەلایەن تیمەكانەوە ئێستە پڕۆژەكە لە قۆناغی نەخشەسازیدایە و لە ماوەی داهاتوو جێبەجێ دەكرێت.

رێگای گۆمەسپان-بەستۆرە یەكێكە لەو رێگە گرنگانەی كە هاتوچۆیەكی زۆری بەسەرەوەیە و شوێنێكی گرنگی گەشتیاریشە، بە تەواوبوونی هاووڵاتییان دەتوانن بەرێگەی هەولێر- گۆمەسپان بچنە سە رێگەی هەولێر- پیرمام.

هەر ئەمڕۆ لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جووتسایدی هەولێر-گۆمەسپان كرایەوە و بەمەیش بەدرێژایی 38 كیلۆمەتر رێگەی هەولێر بۆ سماقوڵی كرایە جووتساید.


وشە - رامیار جەواد