لقی 15ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە رەتی دەكەنەوە كە شارەدێی "قەرەتەپە" و "گوڵاڵە" بكرێنە شارۆكەی سەربەخۆ و لە خانەقین جیا بكرێنەوە. دووپات دەكەنەوە كە ئەو هەنگاوە "پێشێلكارییەكی روونی دەستووری عێراقە."
لە بەیاننامەكەی پارتی لە خانەقیندا هاتووە، ئەم رێوشوێنانە پێشێلكاریی مادەی 140ـی دەستوورە، كە نەخشەرێگەی یاسایی بۆ چارەسەركردنی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان لە رێگەی ئاساییكردنەوە، سەرژمێری و راپرسییەوە دیاری كردووە.
"خانەقین بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانیەوە، نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەیە و هەر دەستكاریكردنێكی پێگە ئیدارییەكەی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور، پێشێلكردنی ئیرادەی خەڵكەكەیەتی" لە بەیاننامەكەدا وا نووسراوە.
لقی 15ـی پارتی لە خانەقین داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی خۆیان بپارێزن، بۆ ئارامی و یەكڕیزی و رێز لە ئیرادەی خەڵكی خانەقین بگرن.