مانگرتنی گشتی لە خانەقین دەستی پێ‌ كرد

:: AM:10:25:25/02/2026 ‌
دژی بڕیارێكی حكوومەتی عێراق لەبارەی بەقەزابوونی قەرەتەپە و گوڵاڵە، ئەمڕۆ لە خانەقین مانگرتنی سەرانسەرییە و فەرمانگە حكوومی و شوێنە گشتییەكان داخران.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی شوبات، ئەكبەر حەیدەر بەرپرسی لقی 15ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین، بە "وشە"ـی راگەیاند، بڕیاری بەقەزابوونی قەرەتەپە و گوڵاڵە لە بنەڕەتدا نایاسایی و نادەستوورییە.

زیاتر گوتی، مانگرتنەكە لەبەرئەوەی هەردوو قەرەتەپە پار بڕیاری بەقەزابوونی دەرچوو، هیچ مەرجی قەزای تێدا نەبوو و ئەوەی ئەم چەند ڕۆژەش كە گوڵاڵە بكرێتە قەزا، ئەویش پێچەوانەی یاسا و دەستوورە، چونكە ناوچەی كوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن و پێویستە بەپێی مادەی 140 چارەنووسیان یەكلا بكرێتەوە.

روونی كردەوە، ناكرێ بەغدا تاكلایەنە ئەو بڕیارە بدات، بۆیە ڕەتی دەكەینەوە، هاوكات دابڕینی ئەو شارەدێیانە لە خانەقین، كە خانەقین یەكێكە لە قەزا گەورە و دێرینەكان و دووەم گەورەترین قەزایە لە عێراق، ئێستە وای لێ دەكەن خانەقین ببێتە بچووكترین قەزا و شارەدێی نەمێنێت.

باسی لەوەش كرد، دوێنێ حزبە كوردستانییەكان كۆ بووینەوە بۆ ئەوەی بزانین چی بكەین، بۆیە ئەمڕۆ مانگرتنی سەرانسەری لە خانەقین ڕادەگەیەنین و هەموو شوێن و فەرمانگەكان دەوام ناكەن و مان دەگرن، سبەی بەپێی ڕێكاری یاسایی، مانگرتن لە خانەقین دەست پێ دەكات، هەر لەم دووسێ ڕۆژە جارێكی تر حزبە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كۆدەبینەوە و داوای یەكدەنگی كورد دەكەین بۆ ئەوەی هەڵوێستێكی رژد بەرانبەر ئەو بڕیارە وەربگیرێت.


وشە - رامیار جەواد