پڕۆژەی رووناكی لە فراوانبوونی بەردەمدایە، بڕیارە لە سبەیەوە تەواوی ئیدارەی راپەڕین و سەرەتای مانگی ئاداریش كۆیە بە تەواوی ببنە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی.
تیمی پڕۆژەی رووناكی بە "وشە"یان راگەیاند، كارەكانی پڕۆژەی رووناكی لە تەواوی ئیدارەی راپەرین تەواو كراو و سبەی بە تەواوی دەبێتە كارەبای 24 سەعاتی كە پێشتر بەشێكی ببوونە خاوەنی ئەو پڕۆژەیە.
هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد، لەماوەی هەفتەی رابردوودا لە كۆیە پڕۆژەی رووناكی تاقیكراوەتەوە و بە ئەگەرێكی زۆر سەرەتای مانگی داهاتوو / ئادار/ كارەبای كۆیەیش دەبێتە 24 سەعاتی.
لای خۆیەوە ئەندازیار عەلی محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای راپەڕین زانیارییەكەی "وشە"ی پشتڕاستكردەوە و رای گەیاند، سبەی كارەبای هەموو سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دەبێتە 24 سەعاتی .
پڕۆژەی رووناكی پڕۆژەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی كوردستانە بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی و ئەو شوێنانەی كە ئەو پڕۆژەی تێدا كار دەكات ئێستە بە ئاسوودەیی و لە ژینگەیەكی پاك ژیان دەكەن بەبێ پچڕانی كارەبا.