سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكان رای دەگەیەنێت، بڕیاری عێراق بۆ كردنی گوڵاڵە بە قەزا نایاساییە و دژایەتیكردنی مادەی 140ـی دەستوورە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی شوبات، فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی خانەقینیش، دووپات لە راگرتنی بڕیاری بە قەزابوونی گوڵاڵە دەكەینەوە.
زیاتر گوتی، بەگوێرەی دەستووری عێراق و مادەی 140، نابێت هیچ گۆڕانكارییەكی ئیداریی لەم ناوچانەدا بكرێت تا كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان یەكلا دەكرێتەوە، ئەم بڕیارانە نایاسایین و پێشێلكارییەكی ڕوونی دەستوورن.
ڕوونی كردەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی خانەقین كۆبووینەوە لە كۆبوونەوەكەدا، ئێمەش و لایەنە سیاسییەكانی خانەقینیش داوامان لە سەرۆك كۆماری عێراق، سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و سەرجەم سەركردە سیاسییەكان دەكەین كە بێنە سەر خەت و لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە، تانە لەم بڕیارانە بگرن و ڕێگریی بكەن لە جێبەجێكردنیان.
لە شاری هەولێر كۆبوونەوەی دەستەی ناوچە كوردستانییەكان و لایەنە سیاسییەكانی ئەو شارۆچكەیە ئەنجام درا، بۆچوونی خۆیان یەكخست و دژی ئەو بڕیارەی عێراق بەیاننامەیەكیان دەركرد.