سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکان، فەرمانێکی نوێی دەرکرد بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکان بۆ فەرماندەیی فەیلەق و فیرقەی دەڤەرەکان.
بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ڕۆژی پێنجشەم 26ی شوباتی 2026، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی ژمارە 703ی دەرکرد.
لە فەرمانەکەدا بە وردی دەسەڵاتە کارگێڕی، یاسایی و داراییەکان بۆ فەرماندەیی فەیلەق و فیرقەی دەڤەرەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دیاری کراون. هەروەها دەسەڵاتی بواری ڕاگەیاندن و هاوئاهەنگی و پێوەندییەکان، بەتایبەت لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکان، بەپێی فەرمانەکە ڕێکخراونەتەوە.
ئەم هەنگاوە پشت بە حوکمەکانی یاسای چاکسازیی ژمارە دووی ساڵی 2020 و کارنامەی کابینەی نۆیەم دەبەستێت. ئامانجی سەرەکی لێی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستکردنی سیستمێکی سەربازیی نیشتمانی و سەردەمیانەیە، کە خزمەت بە دیسپلینی سەربازی و بەدامەزراوەییکردنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە بکات.