گەشتی ئاسمانی لە عێراق و كوردستان راگیرا

:: AM:09:57:28/02/2026 ‌
بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گەشتی ئاسمانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان راگیرا.

ئەمڕۆ شەموو 28ی شوبات، ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، گەشتی فڕۆكە لە ئاسمانی عێراق وەستێنرا.

هاوكات ئێستە ژمارەیەك فڕۆكە لە ئاسمانی ئێران كەم بووەتەوە و ئاسمانی عێراقیش بەرەو چۆڵبوون دەچێت.

ئەمڕۆ شەموو ئیسرائیل بەشێوەیەكی لەناكاو و كتوپڕ دەستی بە هێرشكردنە سەر ئێران كرد، ئەمەیش هاوكاتە لەگەڵ بیستنی دەنگی سێ تەقینەوەی گەورە لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران. 

یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، باری لەناكاوی لە وڵاتەكە ڕاگەیاند و دووپاتی كردەوە، هێرشكردنە سەر ئێرانی بۆ نەهێشتنی هەڕەشەكان ناو برد.

سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەكی نیشتمانیی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، هۆشدارییەكی نیشتمانی بۆ تەواوی هاووڵاتییانمان بۆ سەر ناوچە ئارامەكان، ئەو هۆشدارییە پێشینەییە بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتییانمان بچنە شوێنە ئارامەكان و بە پارێزراوی بمێننەوە لە ئەگەری هەڵدانی مووشەك لە ئێرانەوە بە ئاراستەی ئیسرائیل.



وشە - رامیار جەواد