بارزانی سەركردەی پێكەوەبەستنی پارچەكانی كوردستان

:: PM:12:58:01/03/2026 ‌
ئەمڕۆ یەكشەم 1/3/2026، 47 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی ڕێبەری بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی كورددا تێدەپەڕێت.

مەلا مستەفای بارزانی (مستەفا شێخ محەمەد بارزانی)، لە 14ی ئاداری 1903 لە گوندی بارزان لەدایك بووە و لە تەمەنی سێ ساڵاندا بەر ھەڵمەتێكی عوسمانییەكان كەوت و دوای بەدیلگرتنی شێخ عەبدولسەلام كە برای گەورەیەتی، لەگەڵ دایكیدا بۆ ماوەی نۆ مانگ زیندانی كرا.

ڕۆڵی سەركردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی

لە ساڵی 1919 مەلا مستەفای بارزانی بەشداریی لە شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفیددا كرد و سەركردایەتیی ھێزێكی 300 كەسیی پێ سپێردرا، دواتر لە ساڵی 1920 لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە نێردرا بۆ لای شێخ سەعیدی پیران لە كوردستانی باكوور بە مەبەستی ھەماھەنگیكردن لەگەڵ شۆڕشەكەیدا.

لە شۆڕشەكانی ساڵی 1931-1932 بۆ بەرگریكردن لە میحوەرەكانی ”مێرگەسوور و شێروان”، فەرماندەیی ھێزێكی گەورەی دەكرد كە بەرانبەر ھێزەكانی ئینگلیز دەجەنگان، لەوێشەوە وەك سەركردەیەكی سەربازیی بەتوانا و شارەزا ناوبانگی دەركرد.

لە ساڵی 1932 حكوومەتی پاشایەتیی عێراق بە پشتیوانیی بەریتانیاییەكان ھێرشیان كردە سەر ھێزەكانی كورد كە لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە سەركردایەتی دەكرا، دوای بەدیلگرتنی شێخ ئەحمەد، مەلا مستەفای بارزانی دەستی كرد بە سەركردایەتیكردنی ھێزەكان و ڕێكخستنەوەیان.

دوای ساڵێك حكوومەتی عێراق لێبووردنی گشتیی بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانییەكان دەركرد، بۆیە لە ماوەی ساڵانی 1936 تا 1943 چالاكیی سەربازی لەلایەن ھێزەكانی پێشمەرگەوە ڕاگیرا، تا لە ساڵی 1943دا دووبارە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی كورد و خەباتی پێشمەرگایەتی بە سەركردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی دەستی پێ كردەوە.

رۆژی یەكی ئاداری 1979 لە مێژووی نەتەوەی كورد و خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستاندا، ڕۆژێكی بەسوێ و پڕ لە ئازارە، چونكە لەو ڕۆژەدا ئەستێرەی تەمەنی ڕابەر و سەركردەی مەزنی نەتەوەكەمان مستەفا بارزانی ئاوابوو. 

لە مێژووی گەلاندا، هەندێك كەسایەتی لە چوارچێوەی سنوورە زەمەنییەكان دەردەچن و دەبنە سیمبولێكی نەمری نەتەوەیی.

پێش دەركەوتنی  بارزانی، جووڵانەوەكانی كورد زۆرجار كاتی و ناوچەیی  بوون كە بە ئاسانی لەلایەن دەسەڵاتە داگیركەرەكانەوە سەركوت دەكران. 

مستەفا بارزانی توانی ئەم هاوكێشەیە بگۆڕێت، ئەو خەباتی كوردی لە شێوەی ڕاپەڕینە كاتییەكانەوە گۆڕی بۆ خەباتی دامەزراوەیی و سیاسی. 

دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946دا، نەخشەڕێگەیەكی نوێ بوو بۆ ئەوەی كورد وەك نەتەوەیەكی خاوەن ماف و خاوەن بەرنامەی سیاسیی مۆدێرن لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەربكەوێت.

یەكێك لە قووڵترین و پڕماناترین وێستگەكانی ژیانی بارزانی نەمر، ڕێپێوانە درێژەكەی بوو بەرەو یەكێتیی سۆڤییەت لە ساڵی 1947دا. دوای ڕووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، بارزانی و 500 پێشمەرگەكەی، بە بڕینی سەتان كیلۆمەتر و شەڕكردن لەگەڵ سوپای سێ وڵات، سەلماندیان كە ئیرادەی كورد لە جیۆگرافیا و گەمارۆكان بەهێزترە.

شۆڕشی ئەیلوول لووتكەی یەكگرتوویی گەلی كوردستان بوو. لە ژێر سێبەری فەرماندەیی مستەفا بارزانیدا، توانی جیاوازییە ئاینی، مەزەوی و چینایەتییەكان بڕەوێنێتەوە. بۆ یەكەمجار شۆڕشێك سەری هەڵدا كوردستانی تەنی و بووە رێڕەوێك بۆ بزووتنەوەی كوردی لە ئاستی كوردستان.

شۆڕشی بارزانی بەرگێكی نوێی بەبەر بزووتنەوەی كوردستاندا لە هەر چوار پارچەكەدا كرد، ئەویش شۆڕشی ناوچە و كورتخایەن كۆتایی هات و شۆڕشی سەرانسەری دروست بوو، بەمەش شۆڕشی مستەفا بارزانی بووە یەكەمین شۆڕش كە كورد وەك نەتەوە یەكبخات و ناوچە جوداكان پێكەوە گرێ بدات.

بارزانیی نەمر توانی لە ڕێگەی شۆڕشی ئەیلوولەوە، حكوومەتی ناوەندیی عێراق ناچار بكات كە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا ددان بە مافی ئۆتۆنۆمی و ناسنامەی نەتەوەیی كورد لە ساڵی 1970دا بنێت. ئەم ڕێككەوتننامەیە بوو بە بناغەی هەموو ئەو دەستكەوتە دەستووری و سیاسییانەی كە كورد لە دوای ساڵی 1991 و 2003 بەدەستی هێنان.

لە یەكی ئاداری 1979دا، دوای تەمەنێك لە ماندووبوون و خەباتێكی گەورەی نەتەوەیی، مستەفا بارزانی رابەر كۆچی دوایی كرد، بەڵام ئەم كۆچە سەرەتایەكی نوێ بوو بۆ نەمریی ڕێبازەكەی. 

ئەمڕۆ كە یادی بارزانی دەكرێتەوە، پێویستە وەك دەرفەتێك بۆ قووڵبوونەوە لە فەلسەفەی "خۆنەچەماندن" و "یەكڕیزی" لێی بڕوانرێت. بارزانی تەنیا بەشێك نییە لە مێژووی كورد، بەڵكو ئەو بناغەیەیە كە ئێستە كوردستانی لەسەر بنیات نراوە.
 





وشە - سۆران عەزیز