درۆنێک هێرشی کردە سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە دێگەڵە

:: PM:11:52:01/03/2026 ‌
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، ئەمشەو بارەگای فیرقەی 11 لە دێگەڵە بە درۆن کراوەتە ئامانج و هۆشداریش دەدات کە ئەم کارە بێ وەڵام نابێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم یەکی ئاداری 2026، وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بارەگای فیرقەی 11ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەوروبەری شارەدێی دێگەڵە، لە ڕێی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە (درۆن) پەلامار دراوە.

وەزارەتەکە ئەم پەلامارەی بە "تێکدەرانە" وەسف کردووە کە هەوڵێکە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و نانەوەی پشێویی زیاتر.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکات، سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژی و کردە دوور لە یاساییانە دابنێت و بەرپرسیاران ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بکاتەوە.

لە کۆتاییدا وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداریی توندی داوە و دووپاتی کردووەتەوە "بەردەوامیدان بەم کردەوە تیرۆریستییانە بێ وەڵام نابێت".


وشە - پۆڵا مەحموود