بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوكراوە لە وەزارەتی رۆشنبیری رای دەگەیەنێت، پێویستە سەرجەم میدیاكان خۆیان بەدوور بگرن لە هەواڵ و وێنە و ڤیدیۆی فەیك و سەقامگیری كوردستان بپارێزن.
ئەمڕۆ دووشەم دووی ئادار، شێروان عەوڵا بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوكراوە لە وەزارەتی رۆشنبیری، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێستە دۆخێكی شەڕ هەیە و پڕیشكی ئاگرەكە هەرێمی كوردستانیشی گرتووەتەوە، بۆیە پێویستە میدیا و میدیاكاران بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بكەن.
زیاتر گوتی، پێویستە میدیاكان خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی ترس و گومان بێت.
باسی لەوەش كرد، پێویستە میدیاكان خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی ساختە و بێ بنەمان كە هۆكارێكن بۆ دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ، هەروەها ئەو زانیارییانە نەگوازنەوە كە دەبنە هۆی ئەوەی نەیارانی كوردستان سوودی لێ وەربگرن.
ئەوە لە كاتێكدایە ماوەی سێ ڕۆژە شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ئەمەریكا دەستی پێ كردووە.