وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ژمارە تەلەفۆنی پێویستی بڵاو كردەوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە.
لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ هاتووە، دوابەدوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەكە و پەككەوتنی گەشتە ئاسمانیەكان، بەمەبەستی ئەنجامدانی كارئاسانی و بەهاناوەچوونی ئەو هاونیشتیمانیانەی كە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەو هاونیشتیمانیانەش كە لە ناوەوەی وڵات دەیانەویت بگەڕێنەوە شوێنی نێشتەجێبوونی خۆیان لە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەو مەبەستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پێوەندیەكانی دەرەوەی ڕاسپارد بۆ گرتنە بەری ڕێكاری پێویست بۆ ئەو بابەتە.
"بۆ ئەو مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە توانی ڕەزامەندی وڵاتی توركیا بەدەست بهێنێت بۆ وەرگرتنی ڤیزای ترانزێت بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بۆ هاونیشتیمانیان لەهەرشوێنێك بن لەدەرەوەی وڵات تاوەكو بتوانن بەشێوەی ترانزێت بێنە وڵاتی توركیا و دواتر بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان" وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێ.
بۆ سوود وەرگرتن لەو كارئاسانیە تكایە ئەو ڕێكارانەی خوارەوە پەیڕەو بكەن:-
پەیوەندی بە هێلە گەرمەكانەوە بكە كە ئاماژەیان پێدراوە:
+9647508035680
+9647508035681
پلاتفۆرمەكانی (وەتسئاپ، ڤایبەر و تێلیگرام) لەسەر هێڵەكان بەردەستن.
هەروەها هاتووە، دوای ئاگاداركردنەوەت لە لایەن هێڵە گەرمەكانەوە سەردانی نزیكترین نێردە دیبلۆماسییەكانی وڵاتی توركیا (كۆنسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی وڵاتی توركیا) بكەن لەو وڵاتانەی كە تێدا گیرتان خواردووە، ڤیزەی ترانزێتی پێنج ڕۆژیان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی توركیا، دواتر بە ڕێگەی وشكانی بۆ هەرێمی كوردستان.
تكایە لەو خاڵانەی خوارەوە دڵنیا ببەوە:
• دڵنیا ببەوە لەوەی كە تیكتەكەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ كۆنسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزە، چونكە مەرجە تیكتەكەت لە هێڵێكی توركی بێت تاوەكو سوود لەو كارئاسانییە وەربگری.
• دڵنیاببەوە لە ڕەچاوكردنی ماوەی پێویست لە نێوان بڕینی تیكت و وەرگرتنی ڤیزە، چونكە ڤیزەكە تەنیا بۆ پێنج رۆژ.
• پێویستە ئەو كەسانەی كە داواكاری وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی توركیا دەكەن، ناویان لە لیستی قەدەغەكراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیێكی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.
• ئەگەر هاتوو پاسپۆرتەكەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیكا یاخود هەر پاسپۆرتێكی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقیەكەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نێردە دیبلۆماسییەكان، تاوەكو سوودمەند بیت لەو كارئاسانییە. چونكە ئەو كارئاسانیە تەنها بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقیە.
بۆ زانینی بەڕێزتان ئەو كارئاسانییە كاتیە و تەنها تاوەكو كردنەوەی ئاسمانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
تكایە لە بوونی هەر كێشەیەك هێڵە گەرمەكانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەكاربهێنە و لە كاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووری ابراهیم خلیل، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی تیمە تایبەتەكانەوە كارئاسانی تەواوتان بۆ دەكات.
ئەو هاوڵاتیانەش كە لەو ناوچانەن كە بە وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی توركیا كێشەكانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەكەینەوە كە هەوڵەكانمان چڕتر دەكەینەوە و تاوەكو هەر هاونیشتیمانیەك مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.