وەزارەتی ڕۆشنبیری هۆشداری دەداتە میدیاکان: بابەتی دژی قەوارەی هەرێم و ترسناک بڵاو مەکەنەوە

:: PM:10:39:02/03/2026 ‌
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکدا بۆ دەزگا میدیاییەکان، داوا دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک کە دژی قەوارەی هەرێم بێت یان ترس و دڵەڕاوکێ دروست بکات.

ئەمڕۆ دووشەم دووی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری، گشتاندنی ژمارە 235ی ئاراستەی سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد.

لە گشتاندنەکەدا هاتووە، ئاگاداری گشت میدیای بینراو، بیستراو، پۆرتاڵ و ڕایەڵە ئەلیکترۆنییەکان دەکەینەوە، کە خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک کە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی ترس و گومان بێت لەسەر سەقامگیریی هەرێمەکەمان.

وەزارەتەکە داوای کردووە میدیاکان دوور بن لە بڵاوکردنەوەی هەر بابەت، ڕاپۆرت، وێنە و ڤیدیۆیەکی ساختە و بێ بنەما کە ببێتە هۆکاری دروستکردنی "ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ لە نێوان هاووڵاتییاندا".

لە بەشێکی تری گشتاندنەکەدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری دووپاتی کردووەتەوە، لە کاتی گواستنەوە و ڕووماڵی ڕووداوەکان، زانیارییەک مەگوازنەوە کە نەیارانی هەرێمی کوردستان سوودی لێ ببینن. هەروەها داوای پابەندبوون بە ئیتیک و ڕێکارەکانی تایبەت بە پەیامنێرانی جەنگ و ڕووداوەکان دەکات.


وشە - پۆڵا مەحموود