دزەیی: هاووڵاتییانمان لە هەرشوێنێك بن دەیانگەڕێنینەوە كوردستان

:: PM:04:58:03/03/2026 ‌
سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، هاووڵاتییانمان لە وڵاتانی كەنداو، ئەوروپا و هەر شوێنێكی تر بن، دەتوانن پێوەندی بكەن و زانیارییان لێ وەربگیرێت، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە و زووترین كات بیانگەڕێنینەوە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم، سێی ئاداری 2026، سەفین دزەیی رای گەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری شەڕ و پێكدادان بووەتەوە و هەمیشە خەڵكی مەدەنی دەبنە قوربانیی یەكەم، هیوادارین ئەم بارودۆخە زوو كۆتایی بێت، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە هەوڵمان داوە بە هانا و دەنگی هاووڵاتییانمانەوە بچین. 

روونیشی كردەوە، بەر لە دوو رۆژ كۆبوونەوەیەكی فراوانمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە ئەنجامدا و ژوورێكی هاوبەشمان لە JCC پێكهێناوە، رێكارێكمان داناوە بۆ كردنەوەی دوو هێڵی گەرم، تا هاووڵاتییانمان لە وڵاتانی كەنداو، ئەوروپا و هەر شوێنێكی تر بن، بتوانن پێوەندی بكەن و زانیارییان لێ وەربگیرێت، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە و زووترین كات بیانگەڕێنینەوە هەرێمی كوردستان.

لەبارەى ئەو هاووڵاتییانەی لە ئێرانن رای گەیاند، دەتوانن لە رێگەی دەروازەكانەوە بگەڕێنەوە، بەڵام ئێستە رێگە نادرێت كەس لە هەرێمەوە بچێتە ناو ئێران.

هەروەها لەبارەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا، سەفین دزەیی گوتی، "ئەمریكا لە ساڵی 1991ـەوە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بووە و ناوچەی دژەفڕینیان بۆ دابین كردووین، هەروەها لە شەڕی داعش لە ساڵی 2014 پاڵپشتمان بوون، بۆیە ئەم پێوەندییە وەك هاوپەیمان شتێكی نوێ نییە".


وشە - سه‌رخێڵ هاشم