كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان داواكاری ئاراستەی حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكان دەكات

:: PM:03:27:05/03/2026 ‌
كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان داوایەك ئاراستەی حكوومەت دەكات و باسی گرانبوونی ئالیك دەكات، چاودێری كردن لە نرخی عەلەف و دیاریكردنی نرخێكی گونجاو بۆ خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان دەتوانێت هۆكارێكی گرنگ بێت بۆ پاراستنی بەردەوامی بەرهەمهێنانی مریشك لە ناوخۆدا.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجەمی ئادار، نازم عەبدوڵا سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی رای دەگەیەنێت، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی دابەزینی بەردەوامی نرخی مریشكی زیندوو لە ناو هۆڵەكانی بەرهەمهێنان، خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان ڕووبەڕووی قەیرانێكی ئابووری بوونەتەوە. لەم كاتەدا، نرخی مریشك ڕوو لە دابەزینە، نرخی خواردنی مریشك (عەلەف) لە كارگەكانی دروستكردنی عەلەف بەردەوام ڕوو لە گرانبوونە. 

دەشڵێت، ئێمە وەك كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان داواكاری خۆمان ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان، بە تایبەتی دەزگاكانی چاودێریكردنی بازاڕ، دەكەین كە هەستن بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی جدی بكەن بۆ كەرتی بەرهەمهێنانی عەلەف. لەبەر ئەوەی نرخی عەلەف لە كارگە ناوخۆییەكاندا بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز كراوەتەوە، لە كاتێكدا نرخی مریشك هەروەك خۆی جێگیرە و بەردەوام ڕوو لە هەرزانبوونە لەكاتێكدا تێچوی هەر كیلۆیەك مریشك 70 %بە عەلەف دەدرێت وە نرخی عەلەف لەماوەی چەند رۆژێكدا 100 هەزار گرانبووە و رۆژانە بەرەو گرانتر دەروات.

خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان داوا دەكەن چاودێری كردن لە نرخی عەلەف و دیاریكردنی نرخێكی گونجاو بۆ خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان هەبێت، چونكە دەتوانرێت هۆكارێكی گرنگ بێت بۆ پاراستنی بەردەوامی بەرهەمهێنانی مریشك لە ناوخۆدا، چونكە ئەو دۆخەی ئێستە دەگوزەرێت زیانێكی گەورە دەگەیەنێت بە كەرتی پەلەوەری و خاوەن كێڵگەكان.



وشە - رامیار جەواد