وەزارەتی دارایی و ئابووری لەبارەی هاتنی پارەی مووچە و كاتی دابەشكردنی راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت، لەگەڵ دەست پێ كردنەوەی دەوامی فەرمی لە ڕۆژی یەكشەمی داهاتوو تەواوی تەمویلی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانكیمان و لەگەڵ گەیشتنی تەواوی پارەكە و وەرگرتنی لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ خشتەی مووچەی مانگی شوبات ڕادەگەیەنرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی ئادار، لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هاتووە، نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەم بڕی 274 ملیار و 962 ملیۆن دینار بە چوار گوژمە وەك بەشێك لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم كە بریتیە لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری كۆمەڵایەتی و فەرمانبەرانی گرێبەست و مینحەی زیندانیانی سیاسی ، خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.
ئاماژە بەوەشكراوە، چاوەڕێ دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمی لە ڕۆژی یەكشەمی داهاتوو تەواوی تەمویلی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانكیمان و لەگەڵ گەیشتنی تەواوی پارەكە و وەرگرتنی لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ خشتەی مووچەی مانگی شوبات ڕادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت.