دامەزراوەی پەی: 500 رۆژە پەرلەمان كۆنەبووەتەوە و پەرلەمانتاران ئیمتیاز وەردەگرن

:: PM:05:36:05/03/2026 ‌
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان رای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ 500 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا، كەچی تا ئێستە كۆنەبووەتەوە.

دامەزراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، دوای تێپەڕبوونی 500 رۆژ بەسەر هەڵبژاردن، دوای ئەو هەزاران بەڵێنە رەنگاوڕەنگەی لیست و كاندیدەكان بە دەنگدەرانیان دا، نەك هەر هیچیان لێی جێبەجێ نەكردووە، بەڵكو دامەزراوەكەش وەك ئاشێكی ئاولێبڕاو چۆڵ و هۆڵە و تا ئێستە نە هیچ كۆبوونەوەیەكیان كردووە و نە دەستەی سەرۆكایەتییان هەڵبژاردووە، ئەوەی هەبێت لە بەرانبەر هۆڵی سارد و سڕ و بەتاڵ و بێدەنگی پەرلەماندا، تەنیا وەرگرتنی ئیمتیازاتەكانیان و بێدەنگبوونیانە.

پەی لە بەیاننامەیەكدا نووسیویەتی، لەو ماوەیەدا زۆرترین گۆڕانكاری لە ناوچەكەدا هەبوون و هەن، هەر لە تەنگژەی پێكهێنانی حكوومەتی عیراقەوە، تا پرسی رۆژئاوا و سیاسەتی جۆلانی و مەترسیی گرووپە تیرۆریستەكان، پرسی رۆژهەڵات و شەڕی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل كە كاریگەرییان بەسەر هەرێمی كوردستانەوە هەبووە و هەیە، پەڕینەوەی پڕیشكی ئاگری شەڕەكە بۆی ئەگەرێكی نزیكە، جا راستەوخۆ بێت یا ناڕاستەوخۆ، كەچی تا ئێستە نەك هەر پەرلەمان كارا نەكراوەتەوە، بەڵكو هێزە سیاسییەكان لە ململانێی خۆیان نەكەوتوون.

دووپات لەوە كراوەتەوە كە ئەگەر سەركردایەتیی سیاسیی هەرێم ئەم هەنگاوانە بگرێتە بەر و هەرێم و خەڵكەكەی بپارێزێت و ئاقڵانە دەرفەتەكان لەدەست نەدات، ئەوا مێژوو بە ئاوی زێڕ بۆ خۆی و گەلەكەی دەنووسێتەوە.


وشە - وشه‌