بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كەشی ئەمڕۆ ئاسمان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت و لە درەنگانی شەوی شەموو شەپۆلێكی بەفروبارانبارین زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لەسەرجەم ناوچە سنوریەكان بەفربارین دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی شەشی ئادار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەمڕۆ هەینی ئاسمان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بوونی تۆزێكی سوك لە كەشدا و پلەكانی گەرماش نزیك دەبێتەوە لە تۆماركراوەكانی دوێنێ.
ئاماژە بەوەشكراوە، سبەی شەموو ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت. سەرەتا لە ناوچە شاخاویەكانی باكوری پارێزگای دهۆك كەمێك نمەباران و بەفربارین دەست پێ دەكات پاشان لە كاتەكانی ئێوارە نمەباران و بارانی مامناوەند زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سۆران دەگرێتەوە.
كەشناسی دەڵێت، لە درەنگانی شەوی شەموو كاریگەری دابارین زیاد دەكات و لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بارانبارین دەبێت، هەروەها لەسەرجەم ناوچە سنوورییەكان بەفربارین دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا پلەكانی گەرما بە 1 بۆ 2 پلە بەرزتر دەبێتەوە.