هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، لەپێناو سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان، بڕیاریاندا پشووی بەهارەی ناوەندەکانی خوێندن چەند ڕۆژێک پێشبخەن.
بەپێی ڕاگەینراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە ڕۆژی یەکشەممە (هەشتی ئاداری 2026) تاوەکو دووشەممە (23ی ئاداری 2026)، لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە هەردوو وەزارەت پشوو دەبێت، بڕیارەکە سەرجەم ناوەندە حکوومی، ناحکوومی، تایبەت و نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەوە.
لە ڕاگەینراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هەنگاوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی سەلامەتی مامۆستایان، قوتابیان و خوێندکاران نراوە. لە ڕاگەینراوەکەدا هاتووە، پشووی فەرمی بەهارەی ناوەندەکانی خوێندن لە (11ی ئادار تاوەکو 23 ئادار) دەست پێ دەکات، بەڵام بەم بڕیارە نوێیە پشووەکە سێ ڕۆژ پێشخراوە.