بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی و قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رای گەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كێشەی زۆرینەی ئەو ھاووڵاتییانەی چارەسەركردووە بەھۆی داخستنی فڕۆكەخانەكان گیریان خواردبوو.
ئەمرۆ شەموو حەوتی ئادار، سروە ڕەسوول بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی و قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە یەكەم ڕۆژی درووستبوونی ئەم بارودۆخە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە لیژنەیەكی ھەماھەنگی پێكھێنا بۆ كارئاسانی بۆ ھێنانەوەی ئەو ھاووڵاتیانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە، چونكە ھەبوو لە فڕۆكەخانەبوو و ھەشبوو لە وڵاتەكان بوون، بۆیە یەكەم جار دوو ھێڵی گەرممان ڕاگەیاند بۆ ئەوەی شوێنەكان بزانین و چۆن چارەسەر بكەین، فۆڕمێكیشمان ڕاگەیاند بۆ پڕكردنەوەی تا ڕێكاری پێویست بگرینە بەر.
ئەو بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی گوتووە، لە كونسولخانەی توركیا ڕەزامەندی ئەوە وەرگیرا ھاووڵاتییان ڤیزەی ترانزێتی توركیا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ وەربگرن، مەرجیان ئەوە بوو پێویستە ھێڵەكە توركی بێت كە پێی دەگەڕێنەوە توركیا، دواتر بێنە شەرناخ و لەوێش بێنەوە ھەرێمی كوردستان، خەڵكێكیش ھەبوو لە ھەرێم دەبوا بچنە دەرەوە، ئەوانیش دەچنە ئیبراھیم خەلیل و ڤیزەی پێنج ڕۆژی توركیایان پێدەدرێت و دەچنە شەرناخ و لەوێوە دەگەڕێنەوە.
هەروەها گوتی، زیاتر لە ھەزار داواكاری پێشكەش كرا بۆ گەڕانەوە بۆ ھەرێمی كوردستان، زۆرینەی ناوچەكان چارەسەربوون، بەشێكیش ماوە ئێستە بەردەوام لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ئەوانیش چارەسەر بكرێن و بەڕێگای جیاواز بگەڕێنەوە، تا ئێستە بەشێكیان گەڕاوەنەتەوە، بەشێك لەڕێگان و دوو ڕۆژیان پێویستە، بەشێكیشی چاوەڕێ دەكەن بیانگەڕێنینەوە.
باسی لەوەیش كرد كە ئێستە خەریكی وەرگرتنی ڤیزەی ئوردنن بۆ ئەوەی لەوێش ھاووڵاتییان بگەڕێنەوە، ئەوەی گیری خواردووە كێشەی چارەسەر دەكەین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، ئەوانەی لە ھەرێمیشن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.