ناوەڕۆكی پێوەندییەكی تەلەفۆنی نێچیرڤان بارزانی و ماكرۆن بڵاو كرایەوە

:: PM:05:31:07/03/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكی تەلەفۆنیی لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی كۆماری فڕەنساوە پێگەیشت.

تیایدا دەربارەی دۆخی ناوچەكە و لێكەوتەكانی شەڕ بیروڕایان گۆڕییەوە. هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر بە مەترسییەكانی پەرەسەندنی گرژییەكان دەربڕی و هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی چڕكردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕێگری لە فراوانبوونی زیاتری بازنەی ململانێكان، بە شێوەیەك كە ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەكە بگەڕێتەوە.

لە تەوەرێكی تری گفتوگۆكەدا، پێوەندییەكانی فڕەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی هاوكارییەكان تاوتوێ كران. هەردوولا داكۆكییان لە پتەوكردنی ئەو پێوەندییە دۆستانەیەی نێوانیان كردەوە كە مێژوویەكی درێژی لە هاوكاری و هەماهەنگی لە بوارە جیاوازەكاندا هەیە.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ڕۆڵی پێشەنگانەی سەرۆك ماكرۆن و فڕەنسای كرد بۆ پشتگیریكردنی بەردەوامی هەرێمی كوردستان و عێراق، بە تایبەت لە هەوڵە دیپلۆماسییەكاندا بۆ دوورخستنەوەی ناوچەكە لە مەترسییەكانی شەڕ و ئاڵۆزی.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم