سەرۆك بارزانی پەیامێكی بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت، لێرەدا دەبێ هەموو لایەك باش بزانن كە دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە. پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێك قبووڵ نەكردووە.
ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی ئایار، لە پەیامێكی سەرۆك بارزانی بۆ ڕای گەشتی هاتووە، بە درێژاییی مێژوو گەلی كوردستان هیچ كات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەكانی كردووە. ئەوە بنەمایەكی نەگۆڕە و لە بڕوایەكی پتەو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.
سەرۆك دەڵێت، جێگەی داخێكی زۆرە ئێستە شەڕ و گرژییەكی زۆر لە ناوچەكەماندا هەیە، ئێستە و پێشتریش هەردەم هیوامان ئەوە بووە كە هەرچی گرفت و كێشە هەیە لە ڕێگەی ئاشتیانەوە چارەسەر بكرێت، چونكە هەمیشە شەڕ مایەی كاولكاری و ماڵوێرانییە.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەو میانەدا جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە هەندێ گرووپ و لایەن لەژێر ناوی موقاوەمە و بە بیانوو و دروشمی بێ بنەما؛ ڕێگە بە خۆیان دەدەن پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگە دەدەن. ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر مافی هاووڵاتیان و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
لە پەیامەكەی سەرۆك هاتووە، لێرەدا دەبێ هەموو لایەك باش بزانن كە دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە. پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێك قبووڵ نەكردووە، ناكرێ و نابێ ئەو شەڕفرۆشتنە و تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ئاسایشی هاووڵاتییان لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەردەوام بێت. بۆ ئەو مەبەستە داوا لە حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەین كە بە جددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، چونكە بەردەوامبوونی ئەو شەڕپێفرۆشتنە دەرئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە.
لە كۆتایی پەیامەكەی هاتووە، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیم بۆ خانەوادە و كەسوكاری ئەو ئازیزانەی لە ئەنجامی ئەو پەلامارە ناڕەوایانەدا شەهید بوونە، خەڵكی خۆشەویستی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە بە هەموو توانایەك بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵك پارێزراو بێت و سەركەوتن هەر بۆ گەلی كوردستان دەبێت.