وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەركۆنەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەكات

:: PM:02:12:10/03/2026 ‌
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشانەی كرد كە دەكرێنە سەر نێردە دیپلۆماسی و كونسوڵییەكان لە بەغدا و هەرێمی كوردستان، هاوكات دووپات لە پاراستنی ئاسایشی دیپلۆماتكاران دەكاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 10ـی ئادار، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا، سەركۆنەی ئەو پەلامارانە دەكات كە نێردە دیپلۆماسی و كونسوڵییەكان لە بەغدا و هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج و ئەم جۆرە كردەوانە بە كاری سەركۆنەكراو دادەنێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، وەزارەت هەڵوێستی نەگۆڕی كۆماری عێراق بۆ ڕەتكردنەوەی هەر پەلامارێك كە بكرێتە سەر نێردە دیپلۆماسی و كونسوڵییەكان دووپات دەكاتەوە، لەگەڵ پەرۆشیی بۆ دابینكردنی پاراستنی تەواوەتی بۆیان، بەشێوەیەك كە مسۆگەریی بەردەوامیی كارەكانیان و جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لە ژینگەیەكی ئارامدا بكات و لەگەڵ پابەندبوونە نێودەوڵەتییە پێوەندیدارەكاندا بگونجێت.

وەزارەتی دەرەوە دووپاتی لەوە كردەوە، لایەنە پێوەندیدارەكانی عێراق بەدواداچوون بۆ هەر ڕووداوێك دەكەن كە ڕووبەڕووی نێردەكان ببێتەوە و ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بەرانبەر تێوەگلاوانی ئەو كارە دەگرنەبەر، بەشێوەیەك كە پاراستنی نێردە دیپلۆماسی و كونسوڵییەكان مسۆگەر بكات و ئاسایشیان بپارێزێت و ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پەلامارانە بكات، ئەمەش لەپێناو پاراستنی پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆستدا.



وشە - رامیار جەواد