ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو ئەنجام دا.
لەو پێوەندییەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە شەوی ڕابردوو لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە کرایە سەر شاری هەولێر، کە تێیدا کۆنسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان بە ئامانج گیرا و زیانی بەرکەوت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە پێویستە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات، هەروەها هەنگاوی ڕژد بنێت بۆ ڕێگریکردن لەو گرووپانە و گرتن و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە تێکدەرانە، کە مەترسییەکی ڕاستەقینەن بۆ سەر سەروەری و سەقامگیریی عێراق بەگشتی.
لای خۆیەوە، سەرۆک شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سوپاسی پێوەندی و هەڵوێستی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد، هاوکات بەردەوامیی پشتگیریی دەوڵەتی ئیماراتی بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە.