ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئاداری 2026، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ئیمارات کرد و گرنگیی زیاتر پتەوکردنی پێوەندیی دوولایەنە و هاوئاهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیماراتیان دووپات کردەوە.
لە پێوەندییەکەدا هەردوولا سەرکۆنەی هێرشی شەوی ڕابردووی سەر کۆنسوڵخانەی گشتیی ئیماراتیان لە هەولێر کرد و ئەوەشیان دووپات کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.
لای خۆیەوە، سەرۆکی حكوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان.
لە بەرانبەردا، سەرۆکی ئیمارات پێزانینی خۆی بۆ هاوئاهەنگیی باشی حكوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی، و هەردوولا گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیرییان لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە.