پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ یادی 56 ساڵەی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار

:: AM:10:16:11/03/2026 ‌
سەرۆك بارزانی بۆ یادی رێككەوتننامەی 11ـی ئادار، پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستان بوو.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی ئادار، لە پەیامێكی سەرۆك بارزانیدا هاتووە، ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستان بوو. 

دەشڵێت، ئەو رێكككەوتننامەیە بەرهەمی ئەو خەباتە پتەو و سەرانسەرییە بوو كە لە پێناو گەڕاندنەوەی مافەكانی گەلی كوردستان و بەدیهێنانی دیموكراسی لە عێراقدا دەستی پێ كرد، دواجار حكوومەتی ئەوكاتی عێراقی ناچار كرد بەشێوەیەكی فەرمی ددان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت.

لە كۆتایی پەیامەكەی سەرۆكدا هاتووە، لە 56مین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداردا، پێزانینمان بۆ تێكۆشان و ماندووبوونی سەرجەم ئەو پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەرانەی شۆڕشی ئەیلوول هەیە كە بە ماندووبوون و قوربانیدانی خۆیان، دەستكەوتی مێژوویی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداریان بۆ گەلەكەمان مسۆگەر كرد. لەو یادەدا جەخت لە پاراستنی دەستكەوتەكان و پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و سڵاو بۆ ڕۆحی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەنێرین.



وشە - رامیار جەواد